
فاروق كهیخوسرهویی ئه‌ندامی پێشوی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دیموكرات‌و نوێنه‌ری شاری سه‌قز بۆ نوێنه‌رایه‌تی په‌رله‌مانی ئێران له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا تیشك ده‌خاته سه‌ر دوایین گۆڕانكارییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌و پرسی كورد لهئێرانو ده‌ڵێت:"ئێران نه‌یتوانیوه له‌و ده‌ره‌تانه باشه‌ی له‌عێراق به‌تایبه‌تی له‌هه‌رێمی كوردستان بۆی خوڵقاوه كه‌ڵك وه‌ربگرێ.
ئاوێنه: له‌ئێستای رۆژهه‌ڵاتی كوردستان جۆرێك له‌بێده‌نگی ده‌بینرێت یا هه‌ندێجار وا ته‌فسیر ده‌كرێت كه هیچ چالاكییه‌كی سیاسی، فهرههنگیو.. هتد، بونی نییه. ئه‌م دۆخه بۆ چی ده‌گه‌ڕێننه‌وه؟
كهیخوسرهویی: باشترین وه‌ڵامم بۆ ئه‌م پرسیاره ئه‌وه‌یه كه پێش ئێستا به‌ئه‌ندازه‌ی ده‌یان ساڵ هاواری بێجێمان كردوه. هاوارێك كه نه‌یتوانی شوێنی باش‌و به‌كه‌ڵك دابنێ. به‌پێچه‌وانه‌ش له‌ڕاده‌به‌ده‌ر شوێنی خراپی له‌سه‌ر دڵ‌و مێشكی هاونیشتمانان داناوه‌و ئێمه‌ی لهئامانجهكانمان دورتر كردۆته‌وه.
له‌وه‌زعی ئێستاداو تا ده‌یان ساڵی تر كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك‌و چالاكانی سیاسی‌و فه‌رهه‌نگی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌بێده‌نگی ده‌بێ سهرنجو متمانه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران بۆ لای خۆیان رابكێشن. خه‌ڵكی ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێران به‌بۆنه‌ی هه‌شت ساڵ شه‌ڕو ئاڵۆزیی كوردستانه‌وه، باوه‌ڕو دیمه‌نێكی چهوتو ناله‌باریان له‌كوردستان‌و گه‌لی كورد له‌بیردا ماوه. ده‌بێ ئه‌و بیره‌وه‌رییه تاڵانه بسڕینه‌وه، هه‌رچه‌ند به‌ده‌یان ساڵ‌و چه‌ندین نهسلیش له‌بیر ناچن.
ئه‌م لای كێشه‌كه‌ش هه‌ر وه‌تر. كه‌م بنه‌ماڵه‌ی ئێرانی هه‌یه بهكوردو غه‌یری كورده‌وه له‌بزوتنه‌وه‌ی كوردی دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران زه‌برێكی وه‌به‌ر نه‌كه‌وتبێ، یا بیره‌وه‌رییه‌كی خراپی له‌م شێوه خه‌باته‌و له‌كاردانه‌وه سه‌ربازییه‌كان نه‌بێ.
لێره‌دا بێده‌نگی به‌مانای راوه‌ستانی خه‌باتی چه‌كداری نییه، به‌ڵكو به‌گشتی ئه‌م ته‌سویره له‌بواره‌كانی تری وه‌ك سیاسی‌و كه‌لتوری‌و.. ده‌بینرێت؟ من وه‌ك چالاكی سیاسی‌و فه‌رهه‌نگی هه‌رگیز بڕوام به‌بێده‌نگی نییه‌و بۆ خۆیشم بێده‌نگ نه‌بوم. كورد ده‌بێ له‌هه‌مو بواره‌كاندا چ سیاسی‌و فه‌رهه‌نگی، چ ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆ بنوێنێ‌و نیشانبدا گه‌لێكی زیندوه. گه‌لێكه ده‌توانێ بۆ پێشكه‌وتن‌و ئاوه‌دانی وڵاته‌كه‌ی تێبكۆشێ.
لهئاخاوتنو ده‌ربڕینی داواكانیشدا شێوه‌ی ده‌نگ هه‌ڵبڕین ده‌بێ گونجاوبێ. ده‌بێ وردبینانه له‌سه‌ر شێوه‌ی ئاخاوتن، هه‌ڵبژاردنی لایه‌نی به‌رانبه‌ر(موخاته‌ب)، هه‌ڵبژاردنی نێوه‌رۆكی پهیامو ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژاردنی هه‌ر وشه‌یه‌كی په‌یامه‌كه بیربكه‌ینه‌وه. ئایا ئه‌وه‌ی ئێمه هاواری بۆ ده‌كه‌ین وه‌ك خۆمان بهراستو دروستی ده‌زانین، به‌هه‌قی ده‌زانین، به‌ره‌وای ده‌زانین، لایه‌نی به‌رانبه‌ریشمان بهراستو ره‌وای ده‌زانێ؟ به‌هه‌قی ده‌زانێ؟ ئایا كارێكی وامانكردوه بهدۆستمان بزانن؟ ده‌نگێكی وامان هه‌ڵبڕیوه گوێی بۆ شل بكه‌ن؟ گوێی بۆ رابگرن؟ ته‌نیا ده‌نگ هه‌ڵبڕین هونه‌ر نییه. ته‌نیا هاواركردن ئازایه‌تی نییه.
كورد ده‌ڵێ: " قسه هه‌زاره یه‌كی به‌كاره" غیرهتو ئازایه‌تی له‌وه‌دایه ئه‌و یه‌ك قسه ههڵبژێرینو له‌جێگای خۆیدا ده‌ری ببڕین. فارس گوته‌نی: "هر سخن جاییو هر نكته مكانی دارد."
ئاوێنه: ئه‌حزابی كوردی له‌كوێی كۆمه‌ڵگایه، كۆمه‌ڵگا له‌كوێی به‌رنامه‌كانی حیزبه كوردییهكانه. بۆچی هه‌ندێك جار هه‌ست ده‌كرێت حیزبه‌كان لهشوێنێكو كۆمه‌ڵگاش له‌شوێنیكی تره، ده‌بینرێت داخوازییه‌كان، به‌یاننامه‌كان زۆرجار وه‌ڵام نادرێنه‌وه؟ زۆر پرسیاری تر له‌سه‌ر ئه‌م پچڕانی په‌یوه‌ندییه له‌نێوان ئۆپۆزیسیۆنی كوردی‌و كۆمه‌ڵگا دروست ده‌بێت. ئه‌م پچڕانه ئه‌گه‌ر هه‌بێت بۆ چی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
كهیخوسرهویی: ئه‌و پچڕانه‌ی ئاماژه‌تان پێ كردوه هه‌یه. ئه‌حزابی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌مویان به‌ناوو به‌رواڵه‌ت خۆیان به‌پێشه‌وای نه‌مری كورد‌و حیزبه خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌وه لكاندوه نه‌یانتوانیوه جێگر‌و جێدارێكی باش‌و به ئه‌مه‌گی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د بن. پێشه‌وا وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی خۆنه‌ویست، نهیویستو نه‌یهێشت له‌به‌ره‌نگاری هێزی پێشمه‌رگه‌و ده‌سه‌ڵاتدا، یا له‌هه‌وڵدانی ده‌سه‌ڵات بۆ دۆزینه‌وه‌و قۆڵبه‌ست كردنی به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌ربازبو یا خۆ حهشارداوی بزوتنه‌وه‌دا دڵۆپه خوێنێكی خه‌ڵكی بێ‌تاوان بڕژێ.
مان‌و نه‌مانی گیانی پیرۆزی خۆی‌و هاوڕێ به‌ڕێزه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراتییانه دایه ده‌ستی بیروڕای گشتی‌و گه‌وره پیاوانی شاری مههابادو بهشانازیو شه‌ره‌فه‌وه مانی هه‌تاهه‌تایی شه‌هیدبونی هه‌ڵبژارد. هه‌ربۆیه‌ش له‌هه‌مو شار‌و گوندی چوار پارچه‌ی كوردستاندا‌و له‌هه‌مو شوێنێكی ئه‌م جیهانه به‌رینه‌دا خۆشه‌ویستی پێشه‌واو هاوڕێیانی له‌قوڵایی دڵی هه‌ر كوردێكی بهشهرهفو هه‌ر ئینسانێكی نیشتمانپه‌روه‌ردایه.
به‌داخه‌وه تایبه‌تمه‌ندییه باسكراوه‌كانی پێشه‌واو هاوڕێ شه‌هیده‌كانی له‌به‌ڕێوه‌به‌رانی ئێستا‌و رابردوی بزوتنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی دوای شۆڕشی ئیسلامی‌دا نابینم ،سه‌ره‌ڕای ڕێزدانانم بۆ هه‌مویان. هه‌ربۆیه‌ش ده‌ڵێم ئه‌و پچڕانه‌ی ئاماژه‌تان پێكردوه هه‌یه. هه‌مو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ، ته‌نانه‌ت دو كه‌سیان وه‌ك یه‌ك بیر ناكه‌نه‌وه. په‌نجه‌مۆری دو كه‌س وه‌ك یه‌ك نین تا بیر‌و باوه‌ڕیان وه‌ك یه‌ك بێ.
واقعییه‌ت ئه‌وه‌یه زۆربه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه له‌ریزی هێزه چه‌كداره‌كانی سه‌ر بهدهسهڵاتدان هۆگرو لایه‌نگری حیزبه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی پێشه‌وان.به‌ڕێوه‌به‌رانی ئێستای ئه‌حزابی كورد ئه‌وه به‌ئازایه‌تی خۆیان دانه‌نێن.
ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ به‌شێك له‌و خۆشیویستییهیان به‌ر بكه‌وێ ده‌بێ رێبازی پێشه‌وا ههڵبژێرنو دوره‌په‌رێز لهگهلهكهیان نه‌وێستن. ئه‌گه‌ر داخوازییه‌كان‌و به‌یاننامه‌كانی ئه‌حزاب زۆر جار وه‌ڵام نادرێنه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و راستییه كه ئه‌حزاب نه لههاوخهباتیو نه لهبیروبۆچوندا له‌گه‌ڵ خه‌ڵكن.
لهسهفهرێكمدا بۆ وڵاتی سوێد (ساڵی 1989) شه‌وێك تا به‌یان میوانی خودالێخۆشبو كاك كه‌ریمی حیسامی بوم. له‌به‌ر قسه‌كردن هه‌ر نه‌خه‌وتین. تا ئه‌و كاته به‌رگی هه‌شته‌می كتێبه‌كه‌ی"بیره‌وه‌رییه‌كانم"ی بڵاوكردبۆوه. پرسیم چه‌ند به‌رگی فرۆشراوه؟ گوتی 200 به‌رگ. گوتم ئه‌گه‌ر له‌نێوخۆی وڵات بی هه‌مو رۆژێك 200 كه‌س ده‌بینی. كاك كه‌ریم كه یه‌كێك لهشێرهپیاوه نه‌ترسه‌كانی حیزب بو گوتی ده‌مانكوژن.
گوتم پێشمه‌رگه نابێ له‌كوژران بترسێ ئه‌ویش له‌رێگه‌ی ئامانجدا. به‌بڕوای من ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژین به‌ته‌مای ئه‌وه دانیشتون ده‌رفه‌تێكیان ده‌ستبكه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه. ئه‌ویش ده‌رفه‌تێك كه خه‌ڵكی تر بیخوڵقێنن. پیاوی ئازا به‌ته‌مای ده‌رفه‌ت دانانیشێ، ده‌رفه‌ت ده‌خوڵقێنێ.
گرفته‌كه هه‌ر حیزبه‌كان نییه له‌ناوخۆی وڵات‌و له‌لایه‌ن نوخبه‌ی سیاسی كۆمه‌ڵگاشه‌وه، ئه‌م كهمكارییه ده‌بینرێت. بۆ نمونه قوتابخانه‌یه‌ك هه‌مو قوتابیانی ده‌سوتێن، له‌كۆی گشتی هه‌م كۆمه‌ڵگا، هه‌م نوخبه‌كانی به‌شدارنابن له‌م ماته‌مینه. ئه‌مه دیاره ته‌نیا نمونه‌یه‌كی تازه‌یه ده‌نا حاڵه‌تی وا زۆر هه‌یه كه رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مهدهنیو نوخبه‌ی كۆمه‌ڵگاش ئه‌م بێ ته‌فاوه‌ت بونه‌یان تێدا ده‌بینرێت؟
ئه‌وه‌ی كه بۆچی نه‌ك هه‌ر حیزبه‌كان، نوخبه‌ی سیاسی كۆمه‌ڵگاش به‌هه‌مو تهیفهكانهوه كه‌مكاری ده‌كه‌ن، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌م. وه‌نه‌بێ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان‌و نوخبه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه تێنهگهیشتوبنو له‌ئاست روداوه‌كان ده‌ستیان له‌سه‌رده‌ست دانابێ. به‌پێچه‌وانه له‌درێژایی مێژودا، ئێستاشی له‌سه‌ربێ كورد له‌مه‌یدانی ئازایهتیو تێگهیشتوییدا هاوشانی گه‌لانی دراوسێ كه‌می نه‌هێناوه، بگره له‌پێش بوه. ئازایه‌تی به‌وه ناڵێن هه‌ر كه‌س ئاڵایه‌كی هه‌ڵكرد وه‌دوی كه‌وی.
ئه‌گه‌ر حیزبه‌كان نه‌یانتوانیوه ویست‌و ئامانج‌و رێبازی خۆیان له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌كه‌یان یهكبخهنو سه‌رنجی كۆمه‌ڵ به‌ره‌و لای خۆیان بكێشن، نوخبه‌كان له‌م بواره‌دا سهركهوتوترن. ئه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆ به‌رزڕاگرتنی پێگه‌و جێگه‌ی گهلو وڵاتی خۆیان تێده‌كۆشن، پێوه‌ندی خۆیان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران ناپسێنن.
حیزبه‌كان ده‌بێ چاوێك به‌رابردوی خۆیاندا بگێڕن. هه‌ڵه‌كانی رابردو كه ئه‌وانی له‌خه‌ڵك دابڕیوه چاره‌سه‌ر بكه‌ن. به‌داخه‌وه ئێستاش كه گوێ بۆ قسه‌كانیان له‌میدیاكانه‌وه ده‌گرین، شانازی به‌هه‌مو رابردوی خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن بهباشو خراپه‌وه. نوخبه‌كانی كورد له‌م بواره‌دا له‌پێشترن. ره‌نگه له‌هه‌ڵگرتنی هێندێك دروشم‌دا كهمكاربن به‌ڵام به‌تێكڕا كه‌مكاری نه‌كراوه.
خهباتو تێكۆشان ته‌نیا خه‌باتی چه‌كداری‌و سیاسی نییه. خۆزگه به‌هه‌مو حیزبه‌كانه‌وه به‌قه‌ده‌ر هونه‌رمه‌ندێكی وه‌ك ناسری ره‌زازی كه خزمه‌ت بهئهدهبو فهرههنگو موسیقای كوردی ده‌كا شوێنه‌واری باشیان له‌خۆ به‌جێ هێشتبا، به‌نیوه‌ی خودا لێخۆشبو موهه‌ندیس به‌هائه‌ددینی ئه‌ده‌ب ناوی باش‌و جێپه‌نجه‌ی به‌رچاویان له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی گه‌لی كورد دیاربا، ده‌یه‌كی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌رێگه‌ی وهبهرهێنانو بیناسازی‌و پیشهسازیو كشتوكاڵه‌وه خزمه‌ت به‌چینی هه‌ژارو ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن، یارمه‌تییان به‌كۆمه‌ڵی كوردهواری گه‌یاندبا، سه‌دیه‌كی ئه‌و شاعیر‌و نوسه‌رو روناكبیرانه كه له‌مه‌یدانی ئهدهبو فه‌رهه‌نگی كوردی‌و له‌قوتابخانه‌ی هێمنی نه‌مردا چالاكی ده‌نوێنن خزمه‌تیان به‌وڵاته‌كه‌یان كردبا. ئه‌مه‌ش له‌حاڵێكدایه شێوه‌كانی تری تێكۆشان وه‌ك شه‌ڕی چه‌كداری، دوژمنایهتیو دوبهرهكیو چه‌ندبه‌ره‌كی ناخه‌نه نێو كۆمه‌ڵ، یهكێتیو برایه‌تی كۆمه‌ڵگا كه مه‌رجی سه‌ره‌كییه بۆ پێشكه‌وتن، تێكنادهن.
ئاوێنه: جه‌نابت لهكۆنگری 4ی حدكا وه‌ك ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ههڵبژێردرایو وه‌ك نوێنه‌ری شاری سه‌قزیش هه‌ڵبژێردرای بۆ نوێنه‌رایه‌تی په‌رله‌مانی ئێران له‌سه‌ر لیستی حیزبی دیموكرات، ده‌مه‌وێ بپرسم چ جیاوازییه‌ك هه‌یه له‌نێوان ئه‌و حیزبی دیموكراته‌ی كه جه‌نابت ده‌تویست نوێنه‌رایه‌تی بكه‌ی له‌تاران له‌گه‌ڵ ئه‌م حیزبی دیموكراته‌ی ئێستا هه‌یه؟
كهیخوسرهویی: وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد به‌داخه‌وه حیزبایه‌تی ئێستا یانی پچڕپچڕ كردن‌و دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵ. یانی دوبه‌ره‌كی نانه‌وه‌و چه‌ندبه‌ره‌كی سازكردن له‌ریزه یه‌كگرتوه‌كانی كۆمه‌ڵ. حیزبایه‌تی وام بهپوشێك ناوێ. ره‌نگه ئه‌گه‌ر ئه‌وده‌م ئه‌زمونی ئێستای خۆمم له‌ده‌ستدا با، تێكه‌ڵ به‌هیچ حیزبێك نه‌ده‌بوم. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش تێكه‌ڵبونی ئه‌و ده‌می خۆم بهحدكاو وه‌رگرتنی شه‌ره‌فی ئه‌ندامێتی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حدكا به‌شانازییه‌كی گه‌وره‌ی ژیانم ده‌زانم. هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستگرتنی خۆم وه‌ك ئه‌ندامێكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌به‌رانبه‌ر سه‌ركردایه‌تی ئه‌و ده‌مه‌ی حدكا كه هه‌لومه‌رجێكی زۆر ناسك بو به‌كارێكی باش ده‌زانم.
به‌بۆچونی من سیسته‌می دیموكراسی چه‌ند حیزبی باشه ئه‌گه‌ر حیزبه‌كان له‌هه‌لومه‌رجێكی ئازاد‌و گونجاو‌دا بتوانن پێشبڕكێ له‌یه‌كتر بكه‌ن بۆ دانانی به‌رنامه‌ی باشتر‌و رێك‌وپێك كه خزمه‌تی گه‌وره‌تر به‌كۆمه‌ڵ بكا. به‌داخه‌وه كاری حیزبه‌كان له‌نێوخۆی ئێران‌و له‌ده‌ره‌وه‌ش بوه بهبهدناوكردنی یه‌كتر. نیو ئه‌وه‌نده‌ی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی یه‌كتر تێدهكۆشنو زه‌بر له‌یه‌كتر ده‌ده‌ن بۆ خزمه‌ت بهوڵاتو هاونیشتمانان هه‌وڵناده‌ن.
ئاوێنه: كاركردی ده‌سه‌ڵات چۆن ده‌بینی له‌م به‌ستێنه‌دا؟ ئه‌م كه‌لتوری یه‌كتر سڕینه‌وه‌ش ته‌نیا له‌ناو ئۆپۆزیسیۆن نییه‌و له‌ئێرانیش حكومه‌ت چه‌ندین ده‌یه‌یه كار له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان ده‌كات؟
كهیخوسرهویی: وه‌نه‌بێ مه‌به‌ستم ته‌نیا نێوخۆ یا ته‌نیا ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێ. له‌نێوخۆی وڵات له‌درێژایی مێژودا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ ده‌سه‌ڵات ویستویه جگه له‌خۆی هیچ لایه‌نێكی تر سهرههڵنههێنێو ده‌نگی ده‌رنه‌یه. ئه‌وانی ده‌ره‌وه‌ش جگه له‌وه‌ی كاتی به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتن له‌كوردستان رێگه‌یان نه‌ده‌دا حوكمی تازه‌ی ئێران له‌م ناوچه‌دا ده‌سه‌ڵاتی خۆی دابمهزرێنێو یه‌كلایه‌نه شێوه سهربهخۆیییهكیان دامه‌زراندبو له‌گه‌ڵ یه‌كتریش ناتهبابون.
ته‌نانه‌ت هه‌ركامیان بون به‌چه‌ند له‌تی دژبه‌یه‌ك. هه‌مو دروشمی ئازادی‌و دیموكراسی هه‌ڵده‌گرن به‌ڵام بیروباوه‌ڕی هیچ نه‌یارێكی خۆیان پێ ته‌حه‌ممول ناكرێ‌و سه‌ركوتی ده‌كه‌ن. ئه‌م پاوانخوازییهش له‌راستیدا هه‌ر ئه‌و دیكتاتۆرییهتهیه كه خۆیان به‌دوژمنی ده‌زانن.
ئاوێنه: به‌ڵام وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌تان نه‌دایه‌وه كه پرسیم ئه‌و حیزبی دیموكراته‌ی كه جه‌نابت ویستت نوێنه‌رایه‌تی بكه‌ی له‌تاران چ جیاوازییه‌كی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌م حیزبی دیموكراته‌ی ئێستا؟
كهیخوسرهویی: ئه‌م پرسیاره به‌دو مانا لێتێده‌گه‌م: یه‌كیان ئه‌وه‌یه كه ناوه‌ندی ئێمه بۆ حیزبایه‌تی تاران بو. كه‌وتمه بیری فهرمایشێكی خودالێخۆشبو مه‌لا ره‌حیمی عه‌بباسی. زه‌حمه‌تی كێشا‌و له‌دوای بۆردمانی زیندانی دۆڵه‌تو كه منیش له‌گه‌ڵ پاشماوه‌ی زیندانییه‌كان راگوێزرابوم بۆ گونده چۆڵكراوه‌كه‌ی گردێنه، ته‌شریفی هات چه‌ند سه‌عاتێك لاماندانیشتو قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردین.
دوای ئه‌وه‌ی قسه‌و ره‌خنه‌كانی منی بیست له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌و كاته‌ی حیزب، فه‌رموی هه‌مو قسه‌كانتم به‌دڵه به‌ڵام بریا ئه‌و قسانه‌تان له‌كوردستاندا كردبا نه‌وه‌ك له‌تاران. مامۆستا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بو كه براده‌رانی ئێمه‌ی پێڕه‌وانی كۆنگره‌ی چوار وڵاتیان جێهێشتوه‌و چونه‌ته تاران له‌په‌نای حكومه‌تدا قسه‌ی جوان جوان ده‌كه‌ن.
فهرمایشهكهشی به‌جێ بو. عه‌رزم كرد جه‌نابی مامۆستا كارم به‌وان نییه. من هه‌ر ئێستا له‌كونه ئه‌شكه‌وتی گردێنهو له‌ناوچه‌ی ژێر دهسهڵاتو زیندانی حیزب‌دا ئه‌م قسانه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م. ماچی كردم‌و فه‌رموی هه‌ق به‌تۆیه.
ئاوێنه: ئه‌ی مانای دوهه‌می پرسیاره‌كه چی ده‌گه‌یه‌نێت لای جه‌نابت؟
كهیخوسرهویی: دیاره بۆ خۆم مانای دوه‌می زیاتر لێههڵدهكڕێنم. فه‌رقیش ناكا. ئه‌و حیزبه‌ی من ده‌مویست پێشمه‌رگه‌ی بم‌و خۆم به‌پێشمه‌رگه‌ی دهزانیو خۆم به‌پێشمه‌رگه‌ی ده‌زانم، حیزبێكه كه نهئهودهم نه‌ئێستاو نه له‌داهاتوشدا به‌زمانی چهكو توندوتیژی قسه‌ی له‌گه‌ڵ هیچ كه‌س نه‌ده‌كرد. تا ئه‌و رۆژه‌ی گه‌لی زۆرلێكراوی كورد به‌مافه ره‌واكانی خۆی نهگهیشتباو ئاسه‌واری بهشخوراوییو دواكه‌وتویی لهوهزعو ره‌وشی وڵاتهكهیو ژیانی گه‌له‌كه‌ی به‌ته‌واوی نهسڕدرابێتهوه، بۆ مافی به‌رانبه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌لانی دراوسێ‌و دوای ئه‌وه‌ش بۆ پێشخستنی هه‌مو وڵات درێژه‌ی به‌خه‌باتی خۆی ده‌دا. ئه‌مه‌ش نیازی بهچهكو توندوتیژی نییه. بگره شه‌ڕو خه‌باتی چه‌كداری به‌جێی نزیككردنه‌وه له‌ئامانج دورتریشی ده‌خاته‌وه. هه‌ر وه‌ك كردی.
ئاوێنه: به‌نیسبه‌ت گروپی 7كه‌سی یا په‌یڕه‌وانی كۆنگره‌ی چوار، حیزبی دیموكرات ساڵانێكی دواتر لهرونكردنهوهیهك له‌بڵاوكراوه‌ی نێوخۆیی "تێكۆشه‌ر"و لهرادیۆش بڵاویكرده‌وه كه به‌جۆرێك (اعاده حهیپیهت)ی له‌مامۆستا هێمن بوو ئه‌و حوكمه‌یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه كه به‌سه‌ریان داب‌و، به‌نیسبه‌ت ئێوه چی، ئایا حدكا هه‌مان روانگه‌ی ماوه له‌سه‌ر 6 كه‌سه‌كه‌ی تر‌و ئێوه‌ی به‌خیانه‌ت تۆمهتباركردبو وه‌ك گروپی 7 كه‌سی؟
كهیخوسرهویی: به‌داخه‌وه ئه‌و رونكردنه‌وه‌ی حیزبی دیموكراتم نه له‌بڵاوكراوه‌ی نێوخۆیی "تێكۆشه‌ر"دا دیوه. نه له‌رادیۆ گوێم لێی بوه. ئه‌گه‌ر حیزب كارێكی وای كردبێ كه كارێكی زۆر باشه، ئیعاده‌ی حه‌یسییه‌تی له‌خۆی كردوه. شاعیر‌و گه‌وره پیاوی وه‌ك هێمنو هه‌ژارو حافز‌و سه‌عدی‌و هۆگۆو شێكسپیێر سامانی فه‌رهه‌نگی مرۆڤایه‌تین. هه‌ر كه‌س خراپ به‌و زاتانه بڵێ خۆی خراپ ده‌كا.
ئه‌گه‌ر پاكانهشیان بۆ بكا پاكانه بۆ خۆی ده‌كا. له‌سه‌ر خۆم‌و دۆستانی تر ده‌بێ له‌حیزب یا حیزبه‌كان بپرسن كه ئێستا هه‌ڵوێستیان چۆنه؟ به‌ش به‌حاڵی خۆم، قین له‌زگ نیم. هه‌ر تۆمهتو تاوانێك بده‌نه پاڵم میلله‌ت قه‌زاوه‌تی له‌سه‌ر ده‌كا. لهخودام ده‌وێ داهاتو توشی هه‌ڵه‌و گوناهو خه‌یانه‌ت نه‌بم. یارمه‌تیمبدا كه‌موكووڕی رابردوشم قه‌ره‌بو بكه‌مه‌وه. چاوهڕوانییهكم له‌به‌نده‌ی خودا نییه.
ئاوێنه: به‌سه‌رنجدان به‌وه‌ی جه‌نابت ساڵانێك وه‌ك سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی بازرگانیی وڵاتی ئێران، كارت كردوه، ده‌مه‌وێ بپرسم كه ئێران له‌بازاڕی كوردستانی عێراق رۆڵی خۆی هه‌یه‌و كاڵا‌و كۆمپانیاكانی ئێرانی هاوشان له‌گه‌ڵ توركیه‌و وڵاتانی تر رۆڵی خۆیان هه‌یه له‌م هه‌نگاوه‌ی ئێران‌و هه‌نارده‌كردنی شتومه‌ك بۆ بازاڕه‌كانی كوردستانی باشور، ئابوری كوردستانی ئێران چ رۆڵێكی هه‌یه، كۆمپانیا‌و بازاڕه‌كانی كوردستانی ئێران له‌كوێی ئه‌م ئاڵوێره ئابورییانه‌یه؟
كهیخوسرهویی: ده‌بێ بڵێم به‌داخه‌وه ئێران نه‌یتوانیوه له‌و ده‌ره‌تانه باشه‌ی له‌عێراق به‌تایبه‌تی له‌هه‌رێمی كوردستان بۆی خوڵقاوه كه‌ڵك وه‌ربگرێ. هه‌مو خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌و به‌رپرسانی دهوڵهتییو كه‌رتی تایبه‌تی ئه‌مه‌گداری چاكه‌ی ئێرانن بهدهوڵهتو میلله‌ته‌وه كه له‌ساڵانی سه‌ختی خه‌باتدا پاڵپشتی گه‌لی عێراق بون‌و ئێستا ئاماده‌ن له‌بواری ئابوری‌و بازرگانی‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یاندا دهرهتانو هه‌لومه‌رجی باش بۆ كۆمپانیا ئێرانییه‌كان فه‌راهه‌م بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ی پێویسته خۆمان له‌م بواره‌دا باش كارمان نه‌كردوه. ئابوری ئێران زیاتر به‌ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه بوه، كه وه‌ك كه‌رتی تایبه‌تی توانای جموجۆڵی نییه.
كه‌رتی تایبه‌تیش هه‌رچه‌ند كاری زۆر گه‌وره‌ی كردوه به‌ڵام له‌به‌راورد له‌گه‌ڵ توركیا كه‌م جوڵاوه‌ته‌وه. له‌ژوری بازرگانی ئێران ده‌وره‌ی پێش سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی بازرگانی بوم. ئێستا سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و خزمه‌تگوزاری هونهریو ئه‌ندازیاری "كمیسون عمرانو خدمات فنیو مهندسی"م دڵنیام كه كۆمپانیا ئێرانییه‌كان نه‌ك هه‌ر له‌چاو وڵاتانی ده‌وروبه‌ر كهمتواناتر نین، ئه‌وه‌نده كارامه‌ن كه له‌وڵاتانی ناوچه‌كه زۆر له‌پێشترن. ده‌بێ كاری له‌سه‌ر بكه‌ین‌و خۆ ئاماده بكه‌ین بۆ كاری گه‌وره‌تر.
نظرات شما عزیزان:
+ نوشته شده در 2 / 12 / 1391برچسب:فاروق كهیخوسرهویی,حدکا,كه‌ریمی حیسامی,مه‌لا ره‌حیمی عه‌بباسی,گوندی گردێنه,بۆردمانی زیندانی دۆڵه‌تو ,
ساعت توسط دابراو
|
|